بەشی چارەسەركردنی ددان لەژێر بێهۆشكاری گشتی كرایەوە
" تەندروستی"
بەئامادەبوونی د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و لێپرسراوانی كەرتی تەندروستی و كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی خاوەن پێداویستی تایبەت ، بەشی چارەسەركردنی ددان لەژێر بێهۆشكاری گشتی لە شاری سلێمانی كرایەوە.
سەرەتا ئەم بەشە بۆ خزمەتی منداڵانی ئۆتیزم كرایەوە ، بەڵام دواتر بوارەكەی فراوانتر كرا بۆئەوەی چارەسەر بۆ هەموو ئەو كەسانە بكرێت كە ناتوانرێت لەژێر بەنجی لۆكەڵ گرفتی ددانیان بۆ چارەسەر بكرێت ، بەتایبەت تووشبووانی داون سیندرۆم و ئیفلیجی مێشك و ئەوانەی كێشەی گەشەیان هەیە.
ئەم بەشە بەشێكی تازەیە لە نەشتەرگەری دەم و ددان لە شاری سلێمانی و بیرۆكەی دروستكردنی ساڵی 2023 دەستپێكرد ، چونكە لە نەخۆشخانە حكومیەكان هیچ بەشێكی تایبەت لەو شێوەیە نەبووە و كاری تێدا بكرێت و زۆرینەی كەلوپەلەكان لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دابینكرا و هەندێك لە ئامێرەكانی لەلایەن خێرخوازانەوە كڕدراوە.
تیمێكی پسپۆڕی ددان لە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی بەشی چارەسەركردنی ددان لەژێر بێهۆشكاری گشتی بەڕێوەدەبن و پێشتر پشكنینی پێویست بۆ نەخۆشەكان دەكرێت و خزمەتێكی گەورەیان پێشكەش دەكرێت بەتێچوویەكی زۆر كەم ، لە كاتێكدا ئەو خزمەتگوزارییە لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان پارەی زۆری دەوێت.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 1404
جار خوێنراوهتهوه
AM:11:34:19/06/2025