د.كامەران عومەر: هۆكاری سكچونی منداڵ بریتیە لە هەوكردنی ڕیخۆڵە
" تەندروستی"
د.كامەران عومەر حەمە كەریم پسپۆڕی منداڵان و تازە لەدایكبوان لە دیدارێكدا لەگەڵ سایتی " تەندروستی" باسی لە نیشانە و هۆكارەكانی تووشبوونی منداڵ بە پەتای سكچوون و ڕشانەوە و مەترسیەكانی كرد، ڕایگەیاند: هۆكاری سەرەكی سكچوونی منداڵ بریتیە لە هەوكردنی ڕیخۆڵەكان، ئەو هەوكردنە لەزۆربەی حاڵەتەكان ڤایرۆسیە و پێدەچێت بەهۆی بەكتریا یان بەهۆی كرمی ڕیخۆڵەوە بێت.
ئەو پزیشكە دەڵێت: ساڵانە لە وەرزی گەرمادا پەتای سكچوونی منداڵ ڕوونتر دەبینرێت و ڕێژەكەی زیاتر بەرزدەبێتەوە و ژمارەی داخڵ بوون لە نەخۆشخانەكان ڕوو لەهەڵكشان دەكات، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەكاتی گەرمادا تێكچوونی خۆراك و ئاو ئاسانتر دەبێت و بەهۆی ئەوەی پەتاكە ڤایرۆسیە لەمنداڵێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگوازرێتەوە.
د.كامەران عومەر وتی: گرنگترین نیشانەكانی پەتای سكچوون بریتیە لە زیادبوونی پیسایی كردن بۆ چەند جارێك لە ڕۆژێكدا و زۆرجار دەگاتە 10 بۆ 20 جار لە ڕۆژێكدا، نیشانەیەكی تر نەمانی ئارەزووی خواردن و ڕشانەوەیە، ئەگەر شلەی موغەزی نەدرێت بە منداڵ لە كاتی سكچوون، ئەوا جەستەی ووشكدەبێتەوە و گورچیلەكانی ئازاری پێدەگات، ئەمەش وادەكات پێویستی بە داخڵبوون هەبێت.
ئەو پزیشكە ئەوەی خستەڕوو ڕێنمایی بۆ دایكان و باوكان ئەوەیە لە كاتی سكچوون نەهێڵن منداڵەكەیان ووشك ببێتەوە، ئەویش بە كۆنتڕۆڵكردنی ڕشانەوە و تالێهاتن و ووشكبوونەوە، پاشان پێدانی دەرمانی دژەڕشانەوە و شلەی موغەزی لەڕێگەی دەمەوە، ئەو شلەیە وادەكات منداڵەكە پێویستی بە داخڵبوون نەبێت لە نەخۆشخانە.
وتی: منداڵ لە كاتی سكچوون ئەگەر چالاك بوو و میزكردنی باش بوو، ئەوا پێویست بەوەناكات چارەسەری پزیشكی وەربگرێت، تەنیا شلەمەنیەكانی بۆ زیاد بكرێت، بەڵام ئەگەر منداڵەكە چاوی بەقوڵا چووبوو و لێوی ووشكبوو و كز و بێ تاقەت بو و ڕەنگی میزەكەی كاڵ بوو، هەموو ئەوانە نیشانەی ووشكبوونەوەن، لەم حاڵەتەدا دەبێت منداڵەكە بە زووترین كات بگەیەنرێتە نەخۆشخانە.
بەوتەی ئەو پزیشكە، ڕێژەی سكچوونی منداڵ لە ئێستادا دوو یان سێ بەرامبەرە بەراورد بەوەزری بەهار، بەڵام مەترسیدار نیە، چونكە هەموو ساڵێك لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما پێشبینی ئەو حاڵەتە دەكەن، داخڵبوونی منداڵ بۆ نەخۆشخانە لە وەزری گەرما بەهۆی سكچوون زیاترە بەراورد بە مانگەكانی تر.
ئەو پزیشكە ئەوەی ڕاگەیاند: بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما وادەكات خواردن و ئاو زووتر تێكبچێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سكچوون و ڕشانەوەی منداڵان زیاتر بێت، بۆیە پێویستە خواردەمەنیەكان لەناو فێنككەرەوە هەڵبگیرێت تا دووربن لە تێكچوون و خراپ بوون.
وتیشی: ڕێنماییەكی تر بریتیە لە دەست شووشتن لەپێش و دوای نان خواردن و هەروەها ڕاگرتنی پاكوخاوێنی منداڵ و تێكەڵاونەكردنی لەگەڵ مناڵی تر و نەچوونە بەر تیشكی خۆر لەم وەرزەدا، چونكە ئەمانە هۆكاری سكچوون زیاد دەكەن.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 5924
جار خوێنراوهتهوه
AM:11:57:19/08/2024