ڕۆژی 14ی حوزەیران ڕۆژی جیهانی خوێن بەخشین
" تەندروستی"
ئەم ڕۆژە تایبەتە بە خوێن بەخشین و هەموو ساڵێك لە 14ی حوەزیران یادی دەكرێتەوە بەناونیشانی (یەك قەترە لە مرۆڤایەتی و خوێن ببەخشە و ژیانەكان ڕزگار بكە) و ئامانجی ئەم یادە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگایە لە گرنگی خوێن بەخشینی بەردەوام و ڕێزلێنان لەو كەسانەی خوێن دەبەخشن و زامنكردنی خوێن بۆ ئەو كەسانەی پێویستیان پێیەتی.
ئامانجی ڕۆژی جیهانی خوێن بەخشین بریتیە لە هۆشیاركردنەوەی خەڵكی لە گرنگی خوێن بەخشین و خستنەڕووی گرنگی ڕزگاركردنی ژیانی ئەوانی دیكە، ڕۆژی جیهانی خوێن بەخشین 14ی حوەزیران لە ڕۆژی لەدایكبوونی كارڵ لاندشتاینەر دامەزرێنەری سیستمی گروپەكانی خوێن دیاری كراوە كە ناوبراو خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە و بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2005 ڕۆژی جیهانی خوێن بەخشین دیاری كرا.
خوێن بەخشین كردارێكی خۆبەخشی پزیشكییە بە گواستنەوەی خوێن یا یەكێك لە پێكهاتەكانی خوێن لە كەسێكی تەندروست و باش بۆ كەسێكی نەخۆش و ئەوانەی پێویستیان پێیەتی لەكاتی نەشتەرگەری و ڕووداوە جیاجیاكان و لەدایكبوونی منداڵ و ئەو نەخۆشیانەی پێویستیان بە گواستنەوەی هەندێك لە پێكهاتەكانی خوێنە.
بەخشینی خوێن و پێكهاتەكانی یارمەتیدەرە بۆ ڕزگاركردنی ملیۆنان كەس لەسەرتاسەی جیهان و دەكرێت خوێن بەخشین ببێتە هۆی ڕزگاركردنی ژیانی ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشیەك بوون كە هەڕەشەی لەسەر ژیانیان دروست كردووە.
سوودەكانی خوێن بەخشین:
- كەمكردنەوەی گرژی و باشتركردنی تەندروستی دەروونی.
- پشتیوانی كردنی تەندروستی جەستەیی.
- ڕزگاربوون لە هەستە نەرێنیەكان.
- هەستكردن بە باشی و دانانی سنوورێك بۆ گۆشەگیری.
بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە خوێن بەخشین دەكرێت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیەكانی دڵ و جەڵتەی دڵ بەهۆی بەرزی ڕێژەی كۆلیسترۆڵ كەمبكاتەوە و خوێن بەخشینی بەردەوام دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئاستی ئاسن لە لەش و ئەوەش مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ كەم دەكاتەوە.
مەرجەكانی خوێن بەخشین:
* پێویستە كەسی بەخشەر تەمەنی 17 ساڵ بەرەو سەرەوە بێت.
* نابێت كێشی ئەو كەسەی خوێن دەبەخشێت لە 50 كلیۆگرام كەمتر بێت.
* پێویستە پزیشك ئاگادار بكرێتەوە لە هەر دەرمانێك و دۆخێكی تەندروستی پێش خوێن بەخشین.
* پێویستە بۆ ماوەی 8 هەفتە چاوەڕوانی بكرێت لە نێوان دوو خوێن بەخشین.
* باشترە بڕێك ئاو پێش خوێن بەخشین بخورێتەوە.
* باشترە پێش خوێن بەخشین ژەمێك نانی تەندروستی كەم چەوری بخورێت.
خوێن بەخشین بۆ كەسانی پێگەشتووی تەندروست هیچ كێشەیەكی نییە و هەندێك كەس لەدوای خوێن بەخشین هەست بە دەرەنجامی لاوەكی وەك گێژبوون و بێهێزی دەكەن و پێویستە لەو كاتەدا پشوو بدەن و قاچەكانیان بەرزبكەنەوە بۆئەوەی دۆخیان ئاسایی ببێتەوە.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 44
جار خوێنراوهتهوه
PM:01:01:14/06/2026