ڕۆژی 17ی ئایار ڕۆژی جیهانی بەرزی پەستانی خوێن


" تەندروستی"

ڕۆژی17ی ئایار بە ڕۆژی جیهانی بەرزی پەستانی خوێن دانراوە و ئەو یادە دەكرێتەوە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی گرنگی پەستانی خوێن و زانینی ئاستی ئاسایی پەستانی خوێن كاتێك دڵ خوێن بۆ دەمارەكان دەنێرێت.

بەرزی پەستانی خوێن چیە؟
بریتیە لە ڕوودانی بەرزبوونەوەی بەردەوامی پەستانی خوێن لەناو دەمارەكان و ئەوەش وادەكات دڵ بە قورسایی زیاتر كار بكات بۆ ناردنی خوێن و نەخۆشیەكی باوە و دەكرێت مەترسیدار بێت ئەگەر بەبێ چارەسەر بمێنێتەوە.
بەرزی پەستانی خوێن بەبێ دەنگی زیان بە ئەندامەكانی لەش دەگەیەنێت و هەر كەسێك پەستانی خوێنی بەرز بێت تووشی گرفتی تەندروستی دەبێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی مێشك و لەكاركەوتنی گورچیلەكان.

ئامانجەكانی ڕۆژی جیهانی بەرزی پەستانی خوێن:
- بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی نیشانەكانی نەخۆشیەكە.
- هاندانی خەڵكی بۆ زانینی ئاستی ئاسایی پەستانی خوێن.
- زانینی ڕێگاچارەكانی خۆپاراستنی پێشوەختە لەم نەخۆشیە.
- تیشك خستنەسەر قەبارەی بەرزی پەستانی خوێن لەناو كۆمەڵگا.
- كۆنترۆڵ كردنی ئەو نەخۆشیانەی پەیوەستن بە بەرزی پەستانی خوێنەوە.

چەند ڕاستیەك لەبارەی بەرزی پەستانی خوێن:
* بەرزی پەستانی خوێن كاتێك دەبێت ئاستی پەستانی خوێن یەكسان بێت یاخود بەرزتر بێت لە 140 مللیمەتر و بەرزتر لە 90 مللیمەتر.
* یەك ملیار و 400 ملیۆن كەس لە سەرتاسەری جیهان لەتەمەنی نێوان 30-78 ساڵ تووشی بەرزی پەستانی خوێن بوون.
* ئەم نەخۆشیە هۆكاری سەرەكی مردنی پێشوەختە لەسەرتاسەری جیهان.
* ساڵانە دەبێتە هۆی گیان لە دەستدانی نزیكەی 11 ملیۆن كەس لە جیهان.
* دوو كەس لەكۆی پێنج كەسی پێگەیشتوو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی بەرزی پەستانی خوێن بوون.
* بەرزی پەستانی خوێن بە كوشندەی بێ دەنگ ناودەبرێت بەهۆی ئەوەی نیشانەكانی بەڕوونی دەرناكەوێت
* لە 46%ی ئەوانەی بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە نازانن تووشی ئەو نەخۆشیە بوون.
* تەنیا لە 23%ی تووشبووان نەخۆشیەكەیان لەژێر كۆنترۆڵدایە.

هۆكارەكانی تووشبوون بە بەرزی پەستانی خوێن:
- بەساڵاچوون و هۆكاری بۆماوەیی.
- كێشی زۆر و قەڵەویی.
- گرتنەبەری سیستمێكی خۆراكی دەوڵەمەند بە چەوری تێر.
- زیادەڕەویی كردن لە بەكارهێنانی خوێ.
- كەمكردنەوەی خواردنی میوە و سەوزەوات.
- ئەنجام نەدانی وەرزش و سیستمی خۆراكی ناتەندروست.
- جگەرەكێشان و زیادەڕەویی لە خواردنەوە كهولیەكان.

نیشانەكانی بەرزی پەستانی خوێن:
زۆرینەی تووشبووانی ئەم نەخۆشیە هەست بەهیچ نیشانەیەك ناكەن و لەكاتی دەركەوتنی نیشانەكان بریتین لە:
* سەرئێشەی توند و ئازاری سنگ.
* گێژبوون و تەنگەنەفەسی.
* هێڵنجدان و ڕشانەوە.
* گۆڕانكاریی لە بینین و گوێچكە زراندنەوە.
* هەستكردن بە نیگەرانی و تێكچوون.
* ناڕێكی لێدانەكانی دڵ.

چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن:
گۆڕانكاریی لە شێوازی ژیان و گرتنەبەری سیستمی خۆراكی تەندروست و وازهێنان لە جگەرەكێشان و زیادكردنی وەرزش و كەمكردنەوەی بەكارهێنانی خوێ و دابەزاندنی كێش یارمەتیدەر بێت بۆ دابەزینی پەستانی خوێن، بەڵام هەندێك تووشبوو پێویستان بە بەكارهێنانی دەرمان دەبێت.

خۆپارێزی لە بەرزی پەستانی خوێن:
* گۆڕانكاریی لە شێوازی ژیان هۆكارێكە بۆ كەمبوونەوەی پەستانی خوێن.
* خواردنی برێكی زیاتر لە میوە و سەوزەوات.
* كەمكردنەوەی دانیشتن و زیادكردنی ڕاهێنان و وەرزش كردن.
* ئەنجامدانی وەرزش 75 بۆ 150 خولەك لە هەفتەیەكدا.
* دابەزاندنی كێش و پارێزگاری كردن لە كێشێكی تەندروست.
* بەكارهێنانی دەرمان بەپێی ڕێنمایی پزیشك.

بەرزی پەستانی خوێن تەنیا زیادبوونی ژمارە نییە لە ئامێری پێوانی پەستانی خوێن، بەڵكو حاڵەتێكی تەندروستی مەترسیدارە كە تووشی كەسەكان دەبێت و نابێت هیچ كەسێك چاوەڕوانی سەرهەڵدانی نیشانەكانی بەرزی پەستانی خوێن بكات و پشكنینی بەردەوام و شێوازی ژیانی تەندروست بە هێڵی بەرگری یەكەمی دژی ئەم بكوژە بێ دەنگە دادەنرێت.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:10:43:17/05/2026