سەنتەری ژیانەوە بڕوانامەی جیهانی چارەسەری شێرپەنجەی وەرگرت
" تەندروستی "
لە ساڵیادی بنیادنانی شاری سلێمانی، سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە مژدەیەكی ناوازە و دەستكەوتێكی بێوێنە ڕادەگەیەنێت ئەویش وەرگرتنی بڕوانامەی جیهانی كوالێتیی چارەسەری تووشبوانی شێرپەنجەیە لە سەنتەرەكەدا.
سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بە تیشك جیاوازی (كەمتر لە 1%) لە پشكنینی نێودەوڵەتی (IAEA TLD) تۆماركرد و لە بواری پزیشكیی چارەسەر بە تیشك (Radiotherapy)، كە دڵنیابوون لە وردیی بڕی تیشكی دراو بۆ چارەسەركردنی خانە شێرپەنجەییەكان پێوەرێكی ژیانییە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە سەلامەتیی نەخۆشەوە هەیە.
یەكێك لە باوەڕپێكراوترین پێوەرە جیهانییەكان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم وردییە، پشكنینی پۆستەیی (Thermoluminescence Dosimetry) یە كە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمەوە بەڕێوەدەچێت.
بەپێی ڕێنماییە نێودەوڵەتییەكان، ڕێژەی جیاوازیی قبووڵكراو لەم پشكنینەدا تاوەكو 5% ڕێگەپێدراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان و شانازییە، سەنتەری ژیانەوە بۆ ئامێری لیناك ئاكسەلەرەیتەر توانی ئەنجامێكی پێوانەیی تۆمار بكات و جیاوازیی نێوان بڕی تیشكی دیاریكراو و پێوانەكراو كەمتر لە 1% بوو.
سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بە تیشك بەربەستی كۆنی ئامێرەكانی تێپەڕاند و لە كاتێكدا ئامێرەكانی سەنتەرەكە تەمەنی تەكنیكیان تێپەڕیوە و كۆنن، بەڵام بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامە درەوشاوەیە سەلماندی كە كۆنیی ئامێر بەربەست نییە لە بەردەم كاركردنی زانستی و ورد، ئەگەر بەڕێوەبردن و چاودێریی دروست هەبێت.
هاوكات تیمی فیزیاكاری پزیشكی ڕۆڵی بێوێنەی هەبووە لە بەدەستهێنانی ڕێژەیەكی هاوشێوەی كەمتر لە 1% لەژێر چاودێری توندی نێودەوڵەتی، بەرهەمی ماندووبوون و شەونخوونی و بەدواداچوونی وردی تیمی فیزیاكاری پزیشكی و ئەندازیاران و كارمەندانی سەنتەرەكەیە كە بە بەردەوامی پشكنینەكانی دڵنیایی جۆریی (QA/QC) ئەنجام دەدەن.
بەرزترین ئاستی سەلامەتی بۆ نەخۆش و ئەو ڕێژە كەمەی هەڵە (كەمتر لە 1%) گەرەنتیی ئەوە دەكات كە نەخۆشەكان بڕی تیشكی زانستی و پێویست وەردەگرن، بەبێ ئەوەی زیان بە خانە تەندروستەكانی لەشیان بگات.
ئەم سەركەوتنە گەورەیەی سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بە تیشك نیشانەی ئەوەیە كە مرۆڤی كارامە و پسپۆڕ و دڵسۆز بە باشترین و بەرزترین كوالێتی خزمەتگوزاریی پزیشكی پێشكەش بە تووشبووانی شێرپەنجە دەكات و ئەوە تۆماركردنی شانازییەكی گەورەیە بۆ كەرتی تەندروستی سلێمانی.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 76
جار خوێنراوهتهوه
AM:10:58:16/11/2026