نەخۆشخانەی هیوای گەورە لە سلێمانی بنیاد دەنرێت

‌

" تەندروستی "

شاندێكی فەرەنسی گەیشتنە شاری سلێمانی بەمەبەستی ئامادەكاریی بۆ بنیادنانی نەخۆشخانەی هیوای گەورە كە بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بە بەرزترین ستاندارە جیهانییەكان دروست دەكرێت و گەورەترین سەنتەری چارەسەری شێرپەنجەیە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

شاندەكەی فەرەنسا پارێزگای سلێمانی و نوسینگەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ڕێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت و نەخۆشخانەی هیوایان بەسەركردەوە و پێكەوە تاوتوێی دانانی پلانی تۆكمە و وردیانكرد، دواتر ئەو زەوییە بەسەركرایەوە كە بڕیارە نەخۆشخانەی هیوای گەورەی لەسەر بنیاد بنرێت و كەوتووەتە پاركی هەواری شار.

بۆ دەستپێكردن و بەجێگەیاندنی پڕۆژەكە بۆردێكی پشتیوانی پێكهات لە بەڕێوبەری نووسینگەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا و ڕێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت و كۆمپانیای دواڕۆژ.

شاندەكەی فەرەنسا ستایشی ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەیان كرد كە لە نەخۆشخانەی هیوا پێشكەش دەكرێت و بەڵێنیاندا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ تا بەزووترین كات دەست بەپڕۆژەی نەخۆشخانەی هیوای گەورە بكەن.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 8 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:20:29/10/2026