نەخۆشخانەی نمونەیی ددانی فێركاری فایەقی حاجی عەلی كرایەوە

‌

" تەندروستی "

لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی شێخ جەعفەر مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و د.سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی و حكومی و كەسایەتیەكانی شاری سلێمانی، نەخۆشخانەی نمونەیی ددانی فێركاری فایەقی حاجی عەلی تایبەت بە نەخۆشییەكانی ددان لە شاری سلێمانی كرایەوە.

ئەم نەخۆشخانەیە لەلایەن كەسایەتی شاری سلێمانی سامان فایەق حاجی عەلی بەشێوەیەكی پێشكەوتوو دروستكراوە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی ددان و سەرجەم ئامێرەكان و كەلوپەلە پزیشكیەكانی بۆ دابینكراوە.

لە نەخۆشخانەی ددانی فایەقی حاجی عەلی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە منداڵانی ئۆتیزم و ئیفلیجی مێشك چارەسەر دەكرێن كە بەشێوەیەكی ئاسایی ناتوانرێت چارەسەری ددانیان بۆ بكرێت.

لە نەخۆشخانەكەدا هەموو جۆرە پشكنین و چارەسەر و نەشتەرگەری ددان بۆ سەرجەم هاووڵاتیان ئەنجام دەدرێت و ئەوە یەكەمجارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان نەخۆشخانەیەكی نمونەیی تایبەت بە چارەسەری ددان بەم شێوازە سەردەمیانە بكرێتەوە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی







ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:02:32:18/10/2026