نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی شان لە نەخۆشخانەی شار ئەنجام درا


" تەندروستی"

تیمێكی پزیشكی نەخۆشخانەی شاری فریاكەوتنی فێركاری توانیان بەسەركەوتوویی نەشتەرگەری گۆڕینی تەواوی جومگەی شانی ڕاست بۆ نەخۆشێك ئەنجام بدەن كە ماوەیەكی زۆر بوو دەیناڵاند بە دەست ئازاری توندی جومگەی شانی بەهۆی داخورانی جومگەكە و وایكردبوو نەیدەتوانی كاروباری ڕۆژانەی ڕاپەڕێنێت و بە ئارامی پشوو بدات و بخەوێت.

نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی شان بەسەرپەرشتی د.عەبدوڵا كەمال پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسك و جومگە و شكاوی بە هاوكاری ستافی پزیشكی و كارمەندانی نەخۆشخانەی شار ئەنجام درا و دۆخی تەندروستی نەخۆشەكە زۆر باشە و ڕەوانەی ماڵەوە كراوەتەوە.

ئەوە یەكەمجارە نەشتەرگەری ناوازەی گۆڕینی جومگەی شان بەتەواویی لە نەخۆشخانەیەكی حكومی پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدرێت لەلایەن پزیشكانی ناوخۆیی بەبێ سەرپەرشتی پزیشكانی بیانی.

نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی شان بەراورد بە گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ و جومگەی حەوز، نەشتەرگەریەكی نوێیە لە جیهان و تازە برەوی پێدراوە و خۆشبەخاتە پزیشكانی كورد دەتوانن ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجام بدەن و نەخۆش ناچار نییە سەردانی دەرەوەی وڵات بكات بۆ ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی







ئه‌م بابه‌ته 12 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:35:31/08/2026