نەشتەرگەری دەرهێنانی گرێیەك بەسەركەوتوویی ئەنجام درا


" تەندروستی"

لە كارێكی پزیشكی سەركەوتوودا تیمە پزیشكییەكانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێركاری سلێمانی توانییان لەڕێگەی نەشتەرگەرییەكی تایبەت و دەگمەن و وردەوە كۆتایی بە ئازاری خاتونێكی  گەنج بهێنن كە بەدەست بوونی گرێیەكی گەورەوە لە منداڵدانیدا دەیناڵاند، بەمەش هیوای منداڵبوونیان بۆ گەڕاندەوە.

چیرۆكی نەخۆشەكە:
نەخۆشەكە خاتونێكی تەمەن 25 ساڵ بوو، كە بەدەست بوونی گرێیەكی ئێجگار گەورە لە منداڵدانیدا دەیناڵاند و ئەو گرێیە ببووە ڕێگرێكی سەرەكی لەبەردەم پڕۆسەی منداڵبوون.
بەهۆی مەترسییەكانی ئەم دۆخە و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر توانای منداڵبوونی نەخۆشەكە، پزیشكان بڕیاریاندا بەپەلە پرۆسەی چارەسەركردن و نەشتەرگەریی بۆ دەستپێبكەن.

پرۆسەی نەشتەرگەرییەكە:
پرۆسە پزیشكییەكە لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی و بە سەرپەرشتی بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانەكە و تیمێكی پزیشكانی پسپۆڕ كە پێكهاتبوون لە د.سۆما تاهیر و د.كانی فەرەیدون و پزیشكانی بێهۆشكاری و كارمەندانی تەندروستی  بەشی نەشتەرگەری نەشتەرگەرییەكە  ئەنجام درا.
لەم تەكنیكە پزیشكییە وردەدا، تیمەكە بە لێهاتووییەكی بەرزەوە توانییان گرێكە بە تەواوی لەناو منداڵدانی نەخۆشەكە دەریبهێنن، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە زیانێك بە شانە و پێكهاتەی منداڵدانەكە بگەیەنن.

سەركەوتنی پرۆسەكە و گەڕانەوەی هیوا بۆ نەخۆشەكە:
خۆشبەختانە نەشتەرگەرییەكە بە سەركەوتووییەكی بێوێنە كۆتایی هات و تەندروستی نەخۆشەكە جێگیرە و بەمەش دەرگایەكی نوێی هیوا و ژیانی ئاسایی بۆ ئەم خاتوونە گەنجە كرایەوە تا بتوانێت لە داهاتوودا ببێتە دایك.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 40 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:01:34:06/07/2026