تووشبوویەكی تالاسیمیا لە مەترسییەكی گەورە ڕزگاركرا
" تەندروستی"
لە كارێكی پزیشكی وورد و سەركەوتوودا، تیمێكی پزیشكی نەخۆشخانەی كۆئەندامی هەرس و جگەر توانییان لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەكی سەركەوتوو، كۆتایی بە ئازاری تووشبووییەكی تالاسیما بهێنن كە بەدەست ئاوسانی توندی سپڵەوە دەیناڵاند و ژیانی كەوتبووە مەترسییەوە.
نەخۆشەكە و دەستنیشانكردنی مەترسییەكە:
نەخۆشەكە پێشتر لەلایەن پزیشكی پسپۆڕی تالاسیمیاوە چاودێری دەكرا، بەهۆی تێكچوونی دۆخی تەندروستی و ئاوسانی نائاسایی سپڵی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی كۆئەندامی هەرس و جگەر كرا.
دوای ئەنجامدانی پشكنینە سەرەتاییەكان، دەركەوت كە كێشی سپڵی نەخۆشەكە گەیشتووەتە 4 چوار كیلۆگرام و درێژییەكەی 38 سانتیمەترە، ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی ڕێژەی خڕۆكە سپییەكانی خوێن لە جەستەیدا بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزێت و سیستمی بەرگری لاواز بكات و تەواوی بۆشایی سكی داگیر بكات.
بە سەرپەرشتی د.دارا ئەحمەد محەمەد پسپۆڕی ووردی نەشتەرگەری هەرس و جگەر و پزیشكان و ستافی بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی كۆئەندامی هەرس و جگەر نەشتەرگەرییەكی هەستیار و سەركەوتوو ئەنجام درا و تیمە پزیشكییەكە توانییان بە لێهاتووییەكی بەرزەوە و لەژێر كۆنترۆڵ سپڵە گەورەبووەكە بە تەواوی لە جەستەی نەخۆشەكە بە تەكنیكێكی نوێی پزیشكی جیا بكەنەوە و دەربهێنن، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێك بە ئەندامەكانی دەوروبەری بگات.
جێگیربوونی دۆخی تەندروستی نەخۆشەكە:
دوای كۆتاییهاتنی پرۆسە ئاڵۆزەكە، نەخۆشەكە گوازرایەوە بۆ ژووری چاودێری و لەژێر چاودێری چڕی پزیشكیدا هێڵدرایەوە و دۆخی تەندروستیی تەواو جێگیرە.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 40
جار خوێنراوهتهوه
AM:10:41:15/06/2026