تەندروستی سلێمانی ڕێكاری پێویست بۆ سەری ساڵی نوێ دەگرێتەبەر


" تەندروستی "

لە چوارچێوەی پلانەكانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ گرتنەبەری ڕێكاری پێویست و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان لەكاتی بۆنەكاندا ، چەندین ڕێكار بۆ سەری ساڵی نوێ دەگیرێتەبەر و ناوەندە تەندروستیەكان لە ئامادەباشیدان و تیمە تەندروستیەكان لە شوێنە گشتیەكان دادەنرێن.

لەسەر فەرمانی د.سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەر و مەڵبەندە تەندروستیەكان لە ڕۆژانی پشوو و بۆنەی سەری ساڵی نوێ لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە هاوڵاتیان ، ژمارەی تیمەكان زیادكراون جگە لەو تیمە تەندروستیانەی بەشێوەی ئێشكگری لە دەوامدان.

هاوكات لە ڕۆژی چوارشەممە 31ی كانوونی یەكەم 14 تیمی فریاكەوتنی تەندروستی خێرا لە شوێنە گشتیەكانی شاری سلێمانی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ جێگیر دەكرێن وەك شەقامی سالم و پاركی ئازادی و چاڤیلاند و سەرچنار و هەواری شار.

هاوڵاتیانی خۆشەویستی شاری سلێمانی دەتوانن لەكاتی ڕوودانی هەر ڕووداو و حاڵەتێكی نەخوازراو و نائاسایی پەیوەندی بكەن بە ژمارە تەلەفونی 122 ی سەنتەری فریاكەوتنی خێرای تەندروستی یاخود ژمارە مۆبایلی (07701949090) و (07701949191) بۆئەوەی تیمەكانی فریاكەوتنی تەندروستی بە زووترین كات بە هانایانەوە بچن.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی





ئه‌م بابه‌ته 28 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:11:39:30/12/2025