هێزەكانی ئیتاڵیا پاڵپشتی كەرتی تەندروستی سلێمانی دەكەن
" تەندروستی "
تیمی هاوكاری سەربازی مەدەنی ئیتاڵیا (CIMIC) بە سەرۆكایەتی (ماتیۆ لۆكاتێلی) سەردانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیان كرد و لەلایەن د.سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و شاندی یاوەری بەڕێوبەرایەتییەكە پیشوازییان لێكرا.
لە دیدارێكدا هەردوولا گفتوگۆیان كرد سەبارەت بە پێداویستییەكانی ئێستای كەرتی تەندروستی سلێمانی لەڕووی كەموكوڕیی ئامێری پزیشكی و ژێرخان و خزمەتگوزارییەكان و ئامانجی گفتوگۆكە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو بوارە سەرەكیانە بوو كە تیمی ئیتاڵی بتوانێت پشتگیری و هاوكاریی زیاتر پێشكەشی تەندروستی سلێمانی بكات.
لە دیدارەكەدا، د.سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سوپاسی هاوكارییەكانی تیمەكەی ئیتاڵیای كرد و ڕایگەیاند: هەموو هاوكاری و كارئاسانییەك بۆ كارەكانیان دەكەن و رێنیشاندەریان دەبن لە پڕكردنەوەی كەلێنەكانی كەرتی تەندروستی.
لای خۆیەوە ماتیۆ لۆكاتێلی، ڕابەری تیمی هاوكاری سەربازی مەدەنی لە هێزەكانی ئیتاڵیا بەردەوامی پشتیوانی تیمەكەی بۆ هاوكاری مرۆیی دووپاتكردەوە و جەختی لەسەر گرنگی هاوكاری نێوان هێزەكانی ئیتاڵیا و دامەزراوە تەندروستییە ناوخۆییەكان كردەوە.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 92
جار خوێنراوهتهوه
PM:09:43:18/11/2025