ڕێزلێنان بەخشرایە بەشی هەناوی مێشك و دەماری نەخۆشخانەی شار
" تەندروستی"
لە مەراسیمێكدا د.سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەئامادەبوونی بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شار و بەڕێوبەری كارگێڕی و لێپرسراوانی نەخۆشخانەكە ، خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشیە د.زانا عەبدولڕەحمان سەرۆكی بەشی هەناوی مێشك و دەمار لە نەخۆشخانەی شار و سەرجەم پزیشكان و كارمەندانی ئەو بەشە لەپای بەدەستهێنانی دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی و ئەو كاروبارانەی ئەنجامی دەدەن بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان.
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە ووتەیەكدا باسی لە گرنگی ڕۆڵی نەخۆشخانەی شار و بەشی هەناوی مێشك و دەماری نەخۆشخانەكەی كرد لە چارەسەركردنی تووشبووانی جەڵتەی مێشك.
لای خۆیەوە د.زانا عەبدولڕەحمان سەرۆكی بەشی هەناوی مێشك و دەمار لە نەخۆشخانەی شار سوپاسی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوبەری ئێستا و پێشوو و بەڕێوبەری كارگێڕی نەخۆشخانەی شاری كرد كە هەمیشە هاوكار و پاڵپشتیان بوون لە ڕاپەڕاندنی كاروبارەكانیان.
ئەوە لەكاتێكدایە تائێستا لەلایەن كۆنگرەی جیهانی بۆ جەڵتەی مێشك دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی بەخشراوەتە بەشی هەناوی مێشك و دەمار لە نەخۆشخانەی شار وەك باشترین سەنتەری چارەسەری جەڵتەی مێشك لەسەر ئاستی عێراق.
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
ئهم بابهته 916
جار خوێنراوهتهوه
AM:10:37:02/10/2025