لە گرژیی و ئاڵۆزییەكانی یاریگای نەورۆز 62 كەس برینداربون


" تەندروستی" 

شەوی ڕابردوو لە كاتی بەڕێوەچونی یاری نێوان یانەی وەرزشی نەورۆز و یانەی وەرزشی زاخۆ لە یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان هاندەرانی هەردولا دروست بوو و بەهۆیەوە 62 هاوڵاتی برینداربوون.

لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتنی خێرا چارەسەری پێویست بۆ 25 بریندار كرا لە شوێنی ڕوداوەكە لە یاریگای نەورۆز و 27 بریندار بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و 10 برینداریش لەلایەن كەسوكاریان هێنران بۆ نەخۆشخانە.

دوای ئەو ڕوداوە ، لەسەر فەرمانی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم بەشەكانی فریاكەوتن خرانە حاڵەتی ئامادەیی بۆ پیشوازیكردن لە برینداران و چارەسەركردنیان ، چارەسەری پێویست بۆ سەرجەم بریندارەكان كرا و نەشتەرگەری بۆ بریندارێكیش ئەنجام درا.

سەرجەم بریندارەكانی یاریگای نەورۆز گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە و تەنیا یەك بریندار نەبێت لە نەخۆشخانە ماوەتەوە كە نەشتەرگەری بۆ كراوە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی










ئه‌م بابه‌ته 2468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:12:23/04/2025