ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی: كۆرۆنا بەگەرما لەناوناچێت



تایبەت " تەندروستی "

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لەخاوبوونەوەی ئەو رێوشوێن و ڕێكارانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراوەتەبەر و دووپاتیكردەوە كۆرۆنا لەوەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لەناو ناچێت.

بەپێی دواین پێشهات و ئامارەكان دەركەوتووە ڤایرۆسی كۆرۆنا جیاوازە لەڤایرۆسەكانی دیكە بەتایبەت ئەنفلۆنزا و كۆرۆنا بەگەرما لەناوناچێت و ژمارەی تووشبووان لەم وەرزی هاوینە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە.

مارگرێت هاریس وتەبێژی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند: گۆڕانی وەرزەكان كاریگەری نیە لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەندێك وڵاتی جیهان لەئێستادا و لەوەرزە جیاوازەكان زۆر زەرەرمەندبوون.

روونیكردەوە: خەڵكی وابیردەكەنەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا وەرزییە و وەرزی هاوین نابێتە كێشە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، بەڵام ئەو بۆچوونە هەڵەیە و ئەو ڤایرۆسە لەهەموو وەرزەكان هەیە و زۆر حەزی لەبازدان هەیە لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە.

وتەبێژی رێكخراوی تەندروستی جیهانی وتیشی: خەڵكی لەڕوانگەی هەڵەوە لەڤایرۆسی كۆرۆنا دەڕوانن و ئەوەی دەبێت هەمووان دركی پێبكەن ئەوەیە ئەمە ڤایرۆسێكی نوێیە و بەشێوەیەكی جیاواز كاردەكات.

ئا: كارزان عەبدوڵا
سەرچاوە/ العربية
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 490 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:24:29/07/2020