چالاكبوونی سووڕی خوێن بەسوودە بۆ تەندروستی



تایبەت " تەندروستی "

پێویستە گرنگی بدرێت بە چالاكبوونی سووڕی خوێن، چونكە لێپرسراوە لەگەیاندنی خوێن و ئۆكسجین بەسەرجەم ئەندامەكانی لەش و یارمەتیدەرە بۆ پارێزگاری لەتەندروستی مرۆڤ.

لاوازی سوڕی خوێن و كەمی هاتوچۆی خوێن لەناو بەشە جیاجیاكانی لەش دەبێتە هۆی زیانی تەندروستی و كەمبوونەوەی ئاستی سروشتی ئۆكسجین.

نیشانەكانی لاوازبوونی سوڕی خوێن:

نیشانە باوەكانی لاوازبوونی سوڕی خوێن بریتیە لەسەرئێشە و سڕبوونی قاچەكان و هەڵوەڕینی قژ و هەستكردن بەتەزوو لەچەند بەشێكی دیاری كراوی لەش لەگەڵ ساردی قاچ و دەستەكان و ماندویەتی و گێژبوون و چەند نیشانەیەكی دیكە.

هۆكارەكانی لاوازبوونی سوڕی خوێن:

هەندێك هۆكار رۆڵی هەیە لەلاوازبوونی سوڕی خوێن لەوانە شێوازی ناتەندروستی ژیان و سكپڕی و شەكرە و بەرزی رێژەی كۆلیسترۆڵ یاخود نەخۆشیەكانی غودەی دەرەقی و بەرزەپەستانی خوێن و كەمخوێنی و تەسكبوونەوە و گیرانی دەمارەكان.

دەكرێت سوڕی خوێن چالاك بكرێت لەتەواوی بەشەكانی لەش لەرێگەی گۆڕانكاریی لەشێوازی ژیان و خواردنی خۆراكی تەندروست و بەكارهێنانی چارەسەرەكان، هەندێك خۆراك یارمەتیدەرە بۆ چالاكبوونی سوڕی خوێن.
سوڕی خوێنی تەندروست زۆر گرنگە بۆ تەندروستی مرۆڤ و لەو رێگەیەوە مەوادی خۆراكی و كانزاكان و ئۆكسجین دەگوازرێتەوە بۆ بەشەكانی لەش، دەكرێت لاوازی سوڕی خوێن كاریگەری لەسەر سەلامەتی لەش دروست بكات لەوانە مێشك و دڵ و جگەر و گورچیلە و پەلەكان.

ئامۆژگاری بۆ چالاكبوونی سوڕی خوێن:

- گرتنەبەری سیستمی خۆراكی تەندروست: پێویستە گرنگی بدرێت بەدەستكەوتنی سەرجەم ڕەگەزە خۆراكیەكان كە لەش پێویستی پێیەتی لەگەڵ دووركەوتنەوە لەخۆراكی چەور و شیرینەكان كە ئاستەنگی لەبەردەم ئەركەكانی سوڕی خوێن دروست دەكەن.
- میوە و خۆراك : بیبەری سەوز و لیمۆ و سێو و مۆز و چا و ماسی یارمەتیدەرن و رۆلێكی گرنگیان هەیە لەرێكخستنی ئەركەكانی سوڕی خوێن.
- پارێزگاری لەرێژەی ئاسن: ماددەی ئاسن بەكانزایەكی سەرەكی بۆ كۆئەندامی سوڕی خوێن دادەنرێت و پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی هیمۆگڵۆبین.
- ئاو خواردنەوە: پێویستە گرنگی بدرێت بەخواردنەوەی بڕێكی زۆر ئاو، چونكە ئاسانكاری دەكات بۆ گەیشتنی خوێن بۆ هەموو بەشەكانی لەش.
- خۆشووشتن بەئاوی شلەتێن و سارد: رێگایەكی بەسوودە بۆ چالاككردنی سوڕی خوێن و دەبێتە هۆی گەیشتنی خوێن بەهەموو بەشەكانی لەش بەشێوەیەكی باشتر.
- شێلان: فشاركردن لەهەندێك ناوچەی جیاوازی لەش و شێلانی یارمەتیدەرە بۆ چالاكبوونی سوڕی خوێن بەئاسانی و شێلان گرنگە بۆ ڕزگاركردنی لەش لەووزەی نەرێنی و هەستكردن بە شڵەژاوی و دەبێتە هۆی هێمنی و پشوودان.
- ئەنجامدانی وەرزش: كاتێك سەرجەم بەشەكانی لەش دەجوڵێت ئەوا یارمەتیدەر دەبێت لەجووڵەی خوێن بە باشی و وەرزش یارمەتیدەرە بۆ رێكخستنی هەناسەدان و بەهێزبوونی ماسولكە و پارێزگاری لەكێشی تەندروست و ئەوەش كاریگەری لەسەر چالاكبوونی سوڕی خوێن دەبێت.
- پارێزگاری لەپەستانی خوێن: ئەو كەسانەی پەستانی خوێنیان نزمە زیاتر تووشی لاوازی سوڕی خوێن لەدەستەكان لەكاتی نووستن و چەند كێشەیەكی دیكە دەبن.
- راوەستان بۆ ماوەیەك: دانیشتن بۆ ماوەیەكی درێژ دەبێتە هۆی ئاستەنگی لەگەیشتنی خوێن بۆ ناوچەكانی خوارەوەی لەش و وەستان دەبێتە هۆی ئاسانكاریی بۆ گەیشتنی خوێن بۆ قاچەكان.
- بەرزكردنەوەی قاچەكان: یەكێكە لەچالاكترین رێگاچارەكان بۆ چالاككردنی سوڕی خوێن بریتیە لەپاڵكەوتن لەسەرپشت و بەرزكردنەوەی قاچەكان.

هاوكات چەند هۆكارێكی دیكە هەیە بۆ چالاكبوونی سوڕی خوێن ئەوانیش كەمكردنەوەی خواردنی خوێ و كافیین و ئەلكهول و وازهێنان لەجگەرەكێشان و دووركەوتنەوە لەخۆراكی چەور لەگەڵ خواردنی ئەو میوانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی و میوەی تازە و سەوزەواتەكان و خواردنەوەی بڕێك ئاو بۆ هێشتنەوەی شێداری لەش.

ئا: كارزان عەبدوڵا
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 3116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:33:21/11/2019