خراپ ڕەفتاركردن لەگەڵ منداڵ





" تەندروستی "

پرسی خراپ رەفتاركردن و هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ منداڵ یەكێكە لەبابەتە گرنگەكان كەزۆربەی‌ سەرچاوە زانستیەكان بایەخێكی‌ گەورەی پێدەدەن بەهۆی ئەوەی كاریگەری خراپ لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگا دروست دەكات.


خراپ هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ منداڵ بەكۆمەڵێك شێوە دەبێت لەوانەدەستدرێژی جەستەیی، دەستدرێژی‌ سێكسی، خراپ هەڵسوكەوتی‌ سۆزداری ، پشتگوێ خستنی‌ جەستەیی ، دواكەوتی‌ گەشە كەهۆكەی ‌جەستەیی نەبێت.

هۆكارەكانی‌ خراپ ڕەفتاركردن لەگەڵ منداڵ :

خوێندنەوەی‌ جیاوازی‌ كۆمەڵگاكان: هەندێك كۆمەڵگە بەمافی‌ باوان و مامۆستایانی‌ دەزانێت كەسزای‌ منداڵەكانیان بدەن، بەرامبەر بەم كارە هیچ سزایەكی‌ یاسایی یان تەنانەت سەرزەنشتكردنی‌ كۆمەڵایەتی‌ نیە و بگرە هەندێكجار دەستخۆشی دەكرێت لەو باوكەی‌ لەگەڵ منداڵەكانی‌ رەقەو سزایان دەدات.
شكستهێنان لەپرۆسەی‌ پەروەردە و پێگەیاندنی‌ منداڵ: دیارە ئەمەش بەپلەی‌ یەكەم ئەركی‌ باوانە و دواتر ئەركی‌ دایەنگا و باخچە و قوتابخانەیە تاوەكو تاكێكی‌ دروست پەروەردە بكەن.
نەبوونی‌ توانای‌ زاڵبوون بەسەر توڕەبوون: زۆرجار باوان یان كەسانی‌ گەورە لەماڵ لەكاتی‌ دەربرینی‌ توڕەییەكانیان سزا و ئازاری منداڵ دەدەن بەگەلێك شێوە و ڕەنگە منداڵەكە هۆكاری توڕەییەكە نەبێت، بەڵام لەبەر لاوازی‌ و كەم دەسەڵاتی‌ دەبێتە یەكەم قوربانی‌ توڕەییەكە.
نەبوونی‌ توانای‌ رابەری كردن (مامۆستا و دایك و باوك): مەرج نیە هەر كەسێك لەرووی‌ بایۆلۆجیەوە توانی‌ منداڵ بخاتەوە بتوانێت ببێتە دایك یان باوك، ڕاستیەكەی‌ زۆر كەمیان دەتوانن ئەو ئەركە بگرنە ئەستۆ و نكوڵی لەوەش ناكرێت هەركەسێك توانی‌ منداڵ فێری خوێندن و نوسین بكات نابێتە مامۆستا، چونكە پرۆسەی‌ پەروەردەكرن لەوە گەورەترە تەنیا لەخوێندن و نوسین قەتیس بكرێت.
بوونی‌ حاڵەتی‌ دەرونی‌ و هۆشمەندی‌ وەكو تێكچوونی‌ كەسێتی‌ و سكیزۆفرینیا و دڵەراوكێ‌: ئەگەر یەكێك لەباوان، یەكێك یان زیاتر لەم حاڵەتانەی‌ هەبێت ئەگەری توندوتیژی‌ بەرامبەر منداڵەكانی‌ زیاترە.
فشاری‌ توند و تەنگەژەی‌ دەروونی‌ و گرفتی كۆمەڵایەتی‌ (گرفتی‌ سۆزداری خێزانی‌، نەگونجان) و كێشەی‌ ئابووری‌ (بێكاری و لەدەستدانی‌ كار و خراپی باری ئابووری) ئەمانە هەموویان هۆكارن بۆ سەرهەڵدانی‌ توندوتیژی‌.
ئالودەبوون بەئەلكهول و ماددە هۆشبەرەكانی‌ تر، ئاشكرایە ئالودەبووانی‌ ئەلكهول زۆر زیاتر لەكەسانی‌ تر توندوتیژن بەرامبەر هاوسەر و منداڵەكانیان.

چارەسەری خراپ ڕەفتاركردن لەگەڵ منداڵ:

زوو دەستنیشانكردن و نهێنی پارێزی و هەڵسەنگاندن و پشكنینی منداڵ لەرووی‌ جەستەیی و دەروونی و فكری و گەشەكردنی سێكسی و سۆزداریەوە.
هەڵسەنگاندی‌ ئەوەی ئایا كەسانی‌ تر لەخێزانەكەدا یان لەو ناوەندە ئەگەری هەمان مەترسیان هەیە، ئایا ئەو بارە پێویستی‌ بەئاگاداركردنەوەی‌ پۆلیس هەیە. بەشداری پێكردنی‌ باوان یان ئەو كەسەی‌ سەرپەرشتی‌ قوربانیەكە دەكات لەسەرجەم قۆناغەكانی‌ چارەسەركردن.
توێژەری كۆمەڵایەتی‌ و چارەسازی‌ دەروونی‌ رۆڵی گەورە و گرنگیان هەیە لەپرۆسەی‌ چارەسەركردن، لەهەمووی‌ گرنگتر منداڵەكە یان قوربانیەكە پێویستی‌ بەچیە.

كاریگەری لەسەر ئایندەی‌ تاك:

كاركردنە سەر گەشەی‌ منداڵ لەرووی‌ سۆزداری و سێكسی و تێكچوونی‌ خواردن، تێكچوونی‌ خەو، بێخەوی‌، خەوی‌ ناخۆش، خەوی‌ پچرپچر، ترس لەسەرەتای‌ نوستن.

ئالودەبوون لەسەر ئەلكهول و ماددە هۆشبەرەكانی‌ تر لەبەر زیاتر لەهۆیەك گرنگترینیان هاوەڵی‌ كەسانی‌ لەخۆی گەورەتر و ڕاكردن لەرابردووی‌ تاڵ‌ ، بەڵام بەم ڕاكردنە نادروستە حاڵەتەكە خراپتر دەبێت.

ئەگەری زیاتری توشبوون بەنەخۆشییە دەرونیەكان وەكو خەمۆكی‌، دڵەڕاوكێ‌، ترس، پەشێوی‌ فشاری پاش زەبر، ڕەفتاری‌ توندوتیژ ، لادانی‌ سێكسی ، زیان بەخۆگەیاندن و خۆكوژی‌، كێشەی‌ تەندروستی‌ لەكۆئەندامی‌ زاوزێ.
لەداهاتوودا ئەویش خراپ ڕەفتار لەگەڵ منداڵان دەكاتەوە.

ئا: د.ئەفرام محمد حسن
پسپۆری نەخۆشییە دەروونی و هۆشمەندییەكان و راویژكاری خێزانی و پەروەردەیی

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 2633 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:22:17/06/2019