پارە دزراوەكەی نەخۆشخانەی شار دۆزرایەوە و دابەش دەكرێت



تایبەت " تەندروستی "

دوای ئەوەی دوێنێ مووچەی تەواوی پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەی شار لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە ڕفێندرا، بەهەوڵی دەزگا ئەمنیەكانی شاری سلێمانی باندەكە دەستگیركران و تەواوی پارەكە گەڕێندرایەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و هەرئەمڕۆ بەسەر فەرمانبەرانی نەخۆشخانەكە دابەش دەكرێت.

لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەچۆنێتی دزینی پارەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شار كرد و رایگەیاند: هەرلەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دزییەكە تەواوی دەزگا ئەمنیەكانی سلێمانی دەستیانكرد بە لێكۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران و مووچەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شار، بەسوپاسەوە لەپاش چەند كاتژمێرێك توانرا بڕی پارەی دزراوەكە بدۆزنەوە و بیگەڕێننەوە و تاوانبارانیش دەستگیربكەن.

وتیشی: زۆرنیگەران بوون بەو هەوڵە نەزۆكەی لەشاری سلێمانی ڕوویدا كەخۆشبەختانە هێزەكانی ئاسایش و دژە تیرۆر و هێزەكانی ناوخۆ بەسوپاسێكی زۆرەوە توانیان هەرزوو تاوانباران دەستگیربكەن و مافی مافخوراوان بگەڕێننەوە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سوپاسی بێ پایانی ئاراستەی هەموو دەزگا ئەمنیەكانی شاری سلێمانی وەك ئاسایش وپۆلیس و دەزگای دژە تیرۆر كرد هەروەها سوپاسی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كرد هەرزوو دڵنیایی بە مووچەخۆراندا بۆ گەڕاندنەوەی مافەكانیان، لەهەمانكاتدا سوپاسی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كرد بەردەوام لەسەر هێڵ لەگەڵیان بووە تادۆزینەوە و دەستگیركردنی تاوانباران و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی








ئه‌م بابه‌ته 1559 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:01:14:13/03/2019