كەمی ڤیتامین دی و زیانەكانی وەك زەنگێكی مەترسیدار



" تەندروستی"


لە ئەم چەند ساڵەی پێشوودا ژمارەی ئەو كەسانەی كە تووشی كەمی ڤیتامین دی بوون بە ڕێژەی ترسناك بەرز بۆتەوە لە كوردستان و جیهان دا، لەوبارەوە د.كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراك و نەشتەرگەری گشتی بۆ سایتی "تەندروستی" بەكورتی تیشك دەخاتە سەر چەند زانیاری یەك دەربارەی ڕۆڵ و گرنگی ڤیتامین دی و هۆكارەكانی كەمبونی.

د.كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی دەڵێت:" ڤیتامین دی یەكێكە لە ئەو ڤیتامینەنانەی لە ناو چەوری دا ئەتوێتەوە و زۆر جار وەك هۆرمۆنێك كار دەكات و لەش دەتوانێت لەڕێگەی تیشكی خۆرەوەو لەڕێگەی پێستەوە دروستی بكات.

گرنگترین سودەكانی:
1. پاراستنی پتەوی و بەهێزی ئێسقان و ڕێگرتن لە نەرمبوونەوەی ئێسك لە گەورە و نەخۆشی ئێسكە نەرمە ( كساح ) لە مناڵان دا كە دەبێتە هۆكاری شێوانی شێوە و نەرمی ئێسقان و گەشەنەكردنی مناڵەكە.
2. كورتی باڵا.
3. ڕێگەگرتن لە تووش بوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی كۆڵۆن و كۆم و مەمك و پەنكریاس.
4. بەهێزكردنی كۆئەندامی بەرگری لەش.
5. كەمكردنەوەی ڕێژەی خەمۆكی.
6. دابەزاندی ئاستی كۆلیستڕۆڵ.
7. یارمەتدانی دابەزینی كێش.
8. كەمكردنەوەی ئەگەری تووش بوون بە نەخۆشی شەكرە و بەرزی فشاری خوێن و نەخۆشی دڵ و جەڵتە و ئەلزەهایمەر و ڕەقبوونی شانەكانی لەش.
9. باشكردنی حاڵەتی ڕەبۆ و بەرزی فشاری خوێن و شەكرە و نەخۆشیەكانی دڵ.
10. ڕێگەگرتن لە تووش بوون بە كیسی هێلكەدان و نەزۆكی لە ئافرەتان دا .
11. كەمكردنەوەی ئازاری ماسولكە و جومگە و ڕەقبوونی ماسولكەكان
12. بەرزبونەوەی ئاستی چالاكی و جوڵەی لەش و كەمكردنەوەی تەمەڵی و سستی جەستە".


هەروەها ئەو پزیشكە پسپۆڕە لە بارەكی هۆكارەكانی كەمی ئەم ڤیتامینەوە ڕایگەیاند:" هۆكارەكانی كەمی ڤیتامین دی دەگەڕێتەوە بۆ:
1. نە چوونە بەر تیشكی خۆر بۆ ماوەی پێویست: ترسان لە تووش بوون بە هەندێك جۆری شێرپەنجەی پێست كە لە ئەنجامی جۆرێك لە تیشكەكانی خۆر ئەگەری تووشبوونی بەرز دەبێتەوە لە حاڵەتی مانەوە لە بەر هەتاو دا بۆ ماوەیەكی زۆر ڕۆژانە بە تایبەت دوای نیوەڕۆ و بەكارنەهێنانی مەرهەم و زەیتی دژە خۆر.
2. نەخواردنی ئەو خۆراكانەی كە سەرچاوەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین دی وەك جگەر و ماسی و شیر و هێلكە و قارچك.
3. هەڵ نەمژینی ڤیتامین دی لە ناولەش دا لە ئەنجامی نەخواردنی چەوری و ڕێجیمی هەڵە.
4. لە دەستدانی ڤیتامین دی لە ڕێگەی ڕیخۆڵەوە لە ئەنجامی سك چوونی درێژ خایەن و هەوكردنی هەرسەوە.
5. بەكارهێنانی هەندێك دەرمانی وەك زینكال كە بۆ دابەزاندی كێش بەكار دێت و هەندێك دەرمانی دژە پەركەم وێنەی فەنیتۆین و دەرمانی ستیرۆدی وەك پرندیزۆلۆن.
6. پێدانی شیری دایك بە مناڵی ساوا بۆ ماوەیەكی زۆر بێ خۆراكی تر یان قەترەی ڤیتامین دی بە تایبەت كاتێك دایكەكە خۆی ڤیتامین دی كەم بێت ".

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 3805 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:16:12/09/2018