نەخۆشی دڵ ئەو نەخۆشیەی هەمووان لێی دەترسن





تایبەت " تەندروستی "

دڵ بریتیە لەماسولكەیەكی پاڵنەر كە پاڵ بەخوێنەوە دەنێت لەرێگەی تۆرێك لوولەی خوێن و دەكەوێتە بەشی چەپی سنگی مرۆڤ.
دڵ پێكهاتووە لەبەشی ڕاست و چەپ كەئەو دوو بەشە رێگری دەكەن لەتێكەڵاوبوونی خوێنی پڕ لەئۆكسجین و بێ ئۆكسجین.

نەخۆشیەكانی دڵ و دەرمارەكان:
چەند جۆرێكی هەیە وەك نەخۆشكەوتنی ماسولكەی دڵ و خوێنبەرەكان و تێكچوونی لێدانی دڵ و كەموكوڕی و كێشەی دڵ لەكاتی لەدایكبوون و چەند جۆرێكی دیكە.

چ كاتێك نەخۆشیەكانی دڵ روودەدەن:

نەخۆشیەكانی دڵ و دەمارەكان بریتیە لەكۆمەڵێك زاراوە كە ئاماژەن بۆ كۆمەڵێكی جیاواز و هەمەجۆری ئەو نەخۆشیانەی تووشی دڵ  و دەمارەكان دەبێت بەتایبەت ئەو خوێنبەر و دەمارانەی دەچن بۆ دڵ.
كاتێك ماددەیەكی رەقی تێكەڵاوی كالیسیۆم و چەورییەكان لەیەكێك لەدەمارەكان كۆببێتە یاخود گۆڕانكاریی لەقەبارەی دەرمارەكان رووبدات و تەسك بێتەوە ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی لەگەیشتنی خوێن بەدڵ، هەر گۆڕانكارییەك بەسەر ماسولكەی دڵ یاخود توانای لێدانی بێت دەبێتە هۆی نەخۆشیەكانی دڵ و دەمارەكان.

نیشانەكانی تووشبوون بەنەخۆشیەكانی دڵ:

- تێكچوونی لێدانەكان و خاوبوونەوەی لێدانی دڵ، بوونی ئازار لەسنگ و هەستكردن بەناڕەحەتی ، هەناسە توندی ، گێژبوون و بورانەوە ، زەرد هەڵگەران و شیبوونەوەی پێست ، دەركەوتنی پەڵە لەقاچەكان و وورگ و دەوروبەری چاو.

جۆرەكانی نەخۆشی دڵ:

* تووشبوون بەتێكچوون و رەقبوونی شاخوێنبەر: دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی كێشە لەدڵ و دەمارەكان و هۆكارەكەی دەگەرێتەوە بۆ كۆبونەوەی چەوری لەشاخوێنبەر و تەسكبوونەوەی و ئەوەش وادەكات خوێن بەئاستەنگ بگوازرێتەوە.
* تێكچوونی لێدانی دڵ: هۆكارەكانی بریتیە لەبوونی كەموكوڕی و كێشەی دڵ لەكاتی لەدایكبوون و نەخۆشی شاخوێنەبەری دڵ و بەرزە پەستانی خوێن و شەكرە و جگەرەكێشان و زیادەڕەوی لەخواردنی ماددەی ئەلكهول و كافین و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و فشاری دەروونی و بەكارهێنانی دەرمان بەبێ رێنمایی پزیشك.
* كێشەی دڵ لەكاتی لەدایكبوونەوە: هەندێك كات منداڵ لەو كاتەی لەسكی دایكیدایە تووشی كێشەی دڵ دەبێت یاخود لەكاتی گەشەكردنی یان راستەوخۆ لەدوای سكپڕبوون بەهۆی نارێكی رۆیشتنی خوێن و بەكارهێنانی دەرمان.
* تێكچوونی ماسولكەی دڵ: هۆكاری تێكچوونی ماسولكەی دڵ و هەڵاوسان و فراوانبوونی نادیارە، بەڵام پێدەچێت بەهۆی كەمبوونەوەی رۆیشتنی خوێن بۆ دڵ یاخود زیانەكانی دوای تووشبوون بەجەڵتە و نەخۆشی و ماددەی ژەهراوی و خواردنی دەرمان یاخود بەهۆی بەرزە پەستانی خوێن و هەڵكشان تەمەن بێت.
* هەوكردنی دڵ: ئەم حاڵەتە روودەدات كاتێك بەكتریا یاخود ڤایرۆس یان ماددەیەكی كیمیایی دەگاتە ماسولكەی دڵ.

ئەو هۆكارانەی ئەگەری نەخۆشیەكانی دڵ زیاد دەكەن:

- تەمەن : هەڵكشانی تەمەن مەترسی تێكچوون و تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكان و تێكچوونی ماسولكەی دڵ زیاد دەكات.
- ڕەگەز: ئەگەری تووشبوونی پیاوان بەنەخۆشیەكانی دڵ زیاترە.
- مێژووی خێزان: بوونی نەخۆشی دڵ لەناو خێزان ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشیە زیاد دەكات.
- جگەرەكێشان: ماددەی نیكۆتین دەبێتە هۆی كشانی دەمارەكان و دووەم ئۆكسیدی كاربۆن زیان بەناوپۆشی دەمارەكان دەگەیەنێت وادەكات رەق بێت، بۆیە رێژەی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لای كەسانی جگەرەكێش زیاترە.
- هەندێك دەرمان و چارەسەری كیمیایی و تیشك: هەندێك كات ئەو جۆرە چارەسەرانە مەترسی تووشبوون بەنەخۆشیەكانی دڵ و دەمارەكان زیاددەكات.
- سیستمی خۆراك: پەیڕەوكردنی سیستمی خۆراكی دەوڵەمەند بەچەوری و خوێ و شەكر و كۆلیسترۆل ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشیەكانی دڵ زیاد دەكات.
- بەرزەپەستانی خوێن: ئەگەر چارەسەرنەكرێت دەبێتە هۆی ڕەقبوون و تەسكبوونەوەی دەمارەكان.
- بەرزی رێژەی كۆلیسترۆل لەخوێن: دەبێتە هۆی كۆبونەوەی چەوری و ڕەقبوونی خوێنەبەرەكان.
- شەكرە: ئەم نەخۆشیە و قەڵەوی و بەرزەپەستانی خوێن یەكێكن لەو هۆكارانەی ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشیەكانی دڵ زیادەكات.
- كەمی جووڵە و فشاری دەروونی: ئەم هۆكارانە دەبنە هۆی تێكچوونی دەمارەكان و سەرهەڵدانی كێشەی دیكە كەدەبنە هۆی تووشبوون بەنەخۆشیەكانی دڵ.
- پشتگوێخستنی پاكوخاوێنی: نەشۆردنی بەردەوامی دەستەكان و نەگرتنەبەری رێوشوێنی تەندروستی بۆ خۆپاراستن لەتووشبوون بە ڤایرۆس و بەكتریا مەترسی تووشبوون بەنەخۆشیەكانی دڵ زیاد دەكات.

خۆپاراستن لەنەخۆشیەكانی دڵ: 

ناتوانرێت خۆپاراستن لەچەند جۆرێكی نەخۆشیەكانی دڵ بكرێت وەك بوونی كێشە و كەموكوڕی لەدڵ لەكاتی لەدایكبوونەوە، بەڵام دەكرێت خۆپارێزی لەهەندێك جۆری نەخۆشیەكانی دڵ بكرێت لەرێگەی گۆڕانكاریی لەشێوازی ژیان و باشتركردنی تەندروستی وەك:

- وازهێنان لەجگەرەكێشان.
- كۆنترۆڵكردنی كێشە تەندروستەكانی وەك بەرزەپەستانی خوێن و رێژەی كۆلیسترۆڵ و شەكرە.
- ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشی بۆماوەی 30 خولەك بەلایەنی كەمەوە لەزۆرینەی رۆژەكاندا.
- گرتنەبەری سیستمێكی خۆراكی تەندروست كەرێژەی خوێ و چەورییە تێرەكان تێیدا كەم بێت.
- پارێزگاری لەكێشی تەندروست.
- دووركەوتنەوە لەفشاری دەروونی و دانانی سنوورێك بۆی.
- پابەندبوون بە رەفتارە تەندروستەكان.

ئا: كارزان عەبدوڵا
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 11906 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:48:01/10/2019