بزانە كۆمپیوتەرەكەی تەندروستی سلێمانی كێیە..؟




تایبەت " تەندروستی"

كەم نین  ئەو مرۆڤانەی كەلەنێو كەرتی تەندروستیدا دامەزراون و شان بەشانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی خزمەتی بێ وێنە دەكەن، هیچیان كەمتر نیە لەكەرتەكەدا لەخزمەت گەیاندن بەكەرتەكەو كۆی كۆمەڵگا بۆ پێشكەوتنی بوارەكانی تەندروستی، بەڵام ئەگەر میدیا بەدوایاندا نەچێت ئەو مرۆڤە بەسوودانە  وەك سەربازی وون لەنێو كۆمەڵگادا دەمێننەوە تا ماڵئاوای لە ژیان دەكەن لەچاوەروانی سوپاس و ماندووبوونی ئەو هەموو ساڵەی خزمەتی هەمووانی كردووە، یەكێك لەو سەربازە وونانەی لەنێو تەندروستیدا زیاتر لە 45 ساڵ خزمەتی كردووە و لەناودۆسێدا تەمەنی فەرمانبەرێتی سەرف كردووە ئەویش بورهان عومەر رەشید ناسراوە بەكۆمپیوتەرەكەی تەندروستی سلێمانی.

مێژوی كۆمپیوتەرەكەی تەندروستی سلێمانی...!!

ئەو پیاوەی كۆی دۆسێكانی تەندروستی سلێمانی لایە ناوی بورهان عومەر ڕەشید لەگەڕەكی سابونكەرانی سلێمانی لەدایك بووە لەساڵی 1945، ئەو كات خوێندن ئەستەم بووە تا سێی ناوەندی خوێندوە، بەڵام ئاستی خوێندنەكەی نەبووە رێگر لەبەردەم زانیاری و خزمەتەكانی لەبوارەكەی خۆیدا، لەبەرواری 31-3-1970 لەبەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دامەزراوە و ڕاستەوخۆ لەبەشی دۆسیە دەستی بەكاركردووە.


لەساڵانی حەفتاكانەوە تاخانەنشین بوونی چواردە بەڕێوبەری گشتی تەندروستی  ناسیوە، بەپێی قۆناغەكان  ئەو پۆستەیان وەرگرتووە وبەجێیان هێشتووە ،یەكەم بەڕێوبەری گشتی لەدەسپێكی دامەزراندنیەوە د. قادر شاڵی بووە،پاش ئەو د. حەسەن ئیسماعیل عەبدوڵا بووە كەپیاوێكی سەربازی بووە ئەوكات دانراوە بەبەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی.
د. شەوقی سەبری پیاوێكی مەسیحی بووە سەردەمێك بەرێوبەری گشتی بووە، دواتر   د. نەوزاد ساڵح ڕەفعەت  بوو بە بەرێوبەری گشتی، پاشان د. فایەق محمد گوڵپی ئەو پۆستەی وەرگرت، دوای ئەویش د. شێركۆعەبدوڵا ئینجا  د. ڕێكەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی ئێستا، دواتر د. میران محەمەد عەباس ئێستاش د. سەباح هەورامی  بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەم ناوانەی ئاماژەمان پێدا لەدەسپێكی دامەزراندنی من بووە لەو بەڕێوەبەرایەتیەدا تاكاتی خانەنشین بووم و لەژیاندا ماووم بینیومن، بەڵام ئەو بەڕێوبەرە گشتیانەی تر پێش من لەسلێمانیدا ئەوپۆستەیان وەرگرتووە و لەدۆسیەكانیانەوە وەرم گرتووە بریتی بوون لە كەلەساڵی چلەكانەوە دەست پێدەكات ،د. هاشم دۆلغڵەمەچی كەبەڕەگەز توركمان بووە و یەكەم بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بووە،پاشان  د. عەبدولڕەحمان عەبدوڵا بووە،دواتر  د. كەمال عەبدوڵاناجی، ماوەیەكیش سەرۆكی زانكۆ بووە،ئینجا د. نەجیب نوری لەساڵی شەستەكاندا.

چۆنیەتی كاركردن لەدۆسیەكاندا 

لەساڵەكانی حەفتاكاندا دامەزراندن زۆر كەم بوو، ئەوكاتەی من دامەزرام نزیكەی  دووهەزار كارمەند هەبوو لەسنووری بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانیدا، من خۆم ئاگادارم كەلەساڵی 1974 شەڕ دەستی پێكردەوە 84 پزیشك هەبوو  بەسەنتەر و قەزا و ناحیەكانیشەوە لەسلێمانیدا، هەروەها كاتب نەبوو كاروباری ئیداری ببات بەڕێوە، ئەوانەی لەو سەردەمەدا ئیشوكاری ئیداریان دەكردن لەتەندروستیدا هەمووی موزەمید بوون، ژمێریار موزەمید بوو، لەخۆیەتی موزەمید بوو، ئیدی لەكۆتایی هەفتاكاندا گۆڕانكاریی لەدامەزراندن و ئەركی ئیداری فەرمانبەرانی تەندروستیدا دروست بوو، ئەوكات ئەوبەشە پێویستیان بەكارمەند هەبوو منیش كە دامەزرام لەوبەشەدا دانرام،پێش دامەزراندنیشم  یاریزانی بالە و باسكە بووم لەشاری سلێمانی بۆیە ئەوبەشە بۆ من زۆر گونجاوبوو، چونكە دەرفەتی وەرزش كردنەكەشم هەبوو، ئەوكات ژمارەی دۆسێی فەرمانبەران بەهەموو قەزا و ناحیەكانەوە دوو تا سێ هەزاردۆسیە هەبوو، ئیدی لەگەڵ گەشەكردنی كۆمەڵگا و زیادكردنی بنكە و مەڵبەندی نەخۆشخانەكانیش فەرمانبەر زیادی كرد تاكاتی خانەنشین بوونم گەیشتە 16 هەزار فەرمانبەر بەبێ قەزا و ئیدارە سەربەخۆكان هەیە ، ڕەنگە ئێستا ژمارەی فەرمانبەری سنووری بەڕێوبەرایەتیەكە بەقەزا و ناحیەكانەوە گەیشتبێتە 40 بۆ 50 هەزار فەرمانبەر، ئێستا بەس 300 هەزار پزیشك هەیە ئەوكات كەمن دامەزرام 80 بۆ 90 پزیشك هەبوو لەسنووری پارێزگاكەدا، جاران هەموو 300 یاریدەدەری پزیشكمان نەبووە، ئێستا 2800 یاریدەدەری پزیشك دەبێت بێجگە لەدانەمەزراوەكان.

زۆربەی زانیارییەكانی فەرمانبەرانی لەبەرە...!!

ئەوكات مەخزەنێكم هەبوو نزیكەی 10 بۆ 12 هەزار دۆسێی تێدا بوو خانەنشین و ئەوانەی لەئەركی فەرمانبەریەتی دووردەخرانەوە و دواتر دەهاتنەوە بۆ دۆسیەكانیان دەهاتنەلام بەچەند دەقیقەیەك بۆم دەدۆزینەوە، فەرمانبەر هەبووە لەدوای چل ساڵ بەسەرتێپەڕبوون بەدامەزراندنیدا هاتۆتەوە بۆ دۆسیەكەی بەدوو خولەك بۆم دۆزیوەتەوە و كارەكەم بۆ بەڕێكردووە، زۆربەی زۆری دۆسیەكانیش كەلەبەردەستی خۆمدا بووە و ڕۆژانە كارم لەسەركردوون توانیومە زۆربەی زۆریان لەبەربكەم، ڕەنگە لەو دوانزەهەزار دۆسیەیە نۆ هەزار دۆسییەیانم لەبەربووبێت، ئێستا زۆربەیان بەناو لەبیرم ماوە، بەڵام وەكو ژمارە بەهۆی گواستنەوەی بینای بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی بۆ قڕگە و بەش بەش كردنی دۆسیەكان بەپێی پیتەكان و هەركۆمەلێك دۆسیە لای كارمەندێك دانراوە و سەرپەرشتی دەكرێت، لەبەرئەوەی دەستكاری ژمارە وجۆری فایلەكان ئەوانەی لەسەردەمی مندا بوون كراوە ئێستا قورس بووە، ڕەنگە ئەم كارەش بۆ فەرمانبەرەكان كە بەشوێن دۆسیەكانیاندا دەگەڕێن قورس بێت ئەگینابۆ من زۆرگرفتی دروست نەكردووە، ژمارەی دۆسیەكەی خۆم 108 بوو.

45 ساڵە لە تەندروستیە و پەیوندی پتەوی لەگەڵ هەمووان هەیە...!!

نزیكەی چل و پێنج ساڵ لەتەندروستیم پەیوەندیەكی باشم لەگەڵ تەواوی كارمەندان و پزیشكاندا دروست كردووە، ئێستا بچم بۆ هەرشوێنێك ڕێزی پێویستم لێدەگیرێت بەهۆی كاركردنی ئەو تەمەنە لەناو دۆسیەی تەندروستیدا كەهەم بووە، لەو چل و پێنج ساڵەدا جگە نەشتەرگەری یەك ڕۆژ مۆڵەتم وەرنەگرتووە، كەخانەنیشین بووم 1085 ڕۆژ مۆڵەتم هەبووە لای حكومەت.


وەرزش و ناوداریی و بووە بەخەبیر...!!

من بەبورهانی خەبیر واتەشارەزا لەدۆسیە ناسراوم، بەوپێیەی ئێستا فەرمانبەر زۆربووە ئێستا كاروبارەكان هێواشتر دەڕۆن و كەمێك كاروباری فەرمانبەرەكان خاوترن لەجارانی ئێمە، ئیشوكارەكان پێویستی بەخۆشەویستی هەیە، بۆیە وەسییەتم ئەوەیە بۆ فەرمانبەران ئیشەكەیان خۆش بوێت، لەبەر ئەوەی زەوقم بۆئیشەكە هەبوو هەمیشە ماندوو نەدەبووم لەڕاپەڕاندنی ئەركی هاوڵاتیاندا هەرئەوەش وایكردبوو ئەوشوناسەم پێببەخشرێت.
هەموو  بەڕێوەبەرەكان بۆمن وەكو یەك وابوون،چونكە هەموویان ڕێزیان لێدەگرتم، منیش هەموویانم خۆش دەویست، بەڵام دكتۆر لەتیف بەوپێیەی لەساڵی شەستەكاندا لەوەرزشدا بوین بەهاوڕێ زیاتر تێكەڵاویمان هەبوو.

ئا: ئەنوەر حەمە غەریب - هاوكار سەڵاحەدین
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی



ئه‌م بابه‌ته 4298 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:45:27/11/2018