بینین و بیستن و قسەکردنی منداڵەكەت لەوەرزی خوێندن



تایبەت " تەندروستی "

لەگەڵ كردنەوەی دەرگای خوێندن و چوونی مناڵ بۆ خوێندگا باسێكی گرنگە بزانین تەندروستی چی كاریگەرییەكی لەسەر مناڵەكەت هەیە.

هەموو ساڵێك ژمارەیەكی زۆر مناڵی تازە لەتەمەنی 6 بۆ 7 سالان داخڵی خوێندنگا دەبن بەمەبەستی خوێندن، خۆ ئامادەكردنی دەست پێ دەكات بە كڕینی دەفتەر و قەڵەم و جانتا، بەڵام دەست پێكردنێكی باش بە پێداویستییەكانی قوتابخانە نابێت بەڵكو گرنگی دان بە تەندروستی چاو و گوێ و قسەكرن دەبێت، ئەمانە دەبنە هۆی سەركەوتنی مناڵەكەت، هەروەها ئەگەر مناڵەكەت گرفتێكی هەبوو پێویستە بەزووی چارەسەر بكرێت.

مناڵەكەت ئەگەر چاوی كزبێت و بەباشی نەبینێت لەوانەیە لە ماڵەوە گرفتی نەبێت ،  بەڵام كاتێك دەچێت بۆ خوێندنگە گرفتەكە گەورە دەبێت لەوانەیە نەتوانێت بەباشی سەرنج بخاتە سەر نوسینەكانی مامۆستاكەی.

لەدەست دانی بیستن لە دەوروبەری 2 ساڵیدا ڕوودەدات، بەڵام ئێستا مناڵی تازە لەدایك بوو پێش ئەوەی لە نەخۆشخانە بنێرێتە دەرەوە پشكنین بۆ گوێچكەكانی دەكرێت كاتێك گرفت لەبیستن دا هەبوو لەسەرەتای چەند مانگی یەكەم چارەسەر دەكرێت بە دانانی ئامێری تایبەت بۆ بیستن.

كێشەكانی بیستن ڕوودەدات لە تەمەنی مێرد منداڵی، هەندێك مناڵ كاتێك لە دایك دەبن گوێچكەكانی ئاساین، بەڵام دواتر گرفتی بیستنی بۆ دروست دەبێت، هەندێك كات برینداری سەر كاردەكاتە سەر بیستن.

پێویستە مناڵ پێش ئەوەی بنێرێت بۆ خوێندنگە پشكنین بۆ گوێچكەكانی بكرێت و لەوڵاتە جیاوازەكان كاتێك ئەم پشكنینە كراوە رێژەی لە 5 بۆ 10 % دەرنەچووە و چارەسەریان بۆ كراوە.

مناڵ فێری زمانی جیاواز دەبێت لە ئەنجامی گوێگرتن لەگفتوگۆ ، بەڵام ئەگەر مناڵ گرفتی بیستنی هەبێت ئەوا گرفتی فێربونی زمانی جیاوازی دەبێت.
لەوانەیە چەند سەرچاوەیەكی جیاواز هەبێت بۆ ئەوەی مناڵ نەتوانێت فێری زمانی جیاواز بێت ئەم بارودۆخە كاری كردۆتە سەر لە 7%ی  مناڵ كاتێك چونەتە خوێندنگە ئەو منالانە گرفتیان هەیە لەفێربوونی ووشەی نوێ و تێگەشتن و گفتوگۆ.

كز بینین هەروەها گرفت بۆ مناڵ دروست دەكات لە خوێندنگە،رێژەی لە 1 بۆ 10%ی مناڵ پێش چوون بۆ خوێندنگە كێشەی بینینان هەیە، بەڵام لەوانەیە مناڵەكە هەست بە نیشانەكانی نەكات، لەوانەیە مناڵەكە بەشتێكی ئاسایی دابنێت  كاتێك بینینی لێل دەبێت، هەندێ كاتیش كزبینین ئازار بۆ مناڵەكە دروست دەكات و ناتوانێت ئەركەكانی جێبە جێ بكات.

باوترین هۆكاری كزی چاو لەمناڵدا تەمەڵی چاوە، ئەمە كاتێك سەر هەڵدەدات كە چاوێكیان وێنەیەكی ڕوونتر پیشان دەدات لەچاوەكەی تر لەم كاتەدا مێشك نیشانە نانێرێت بۆ چاوەكە لاوازەكە و پێویستە بە زووی ئەم حاڵەتە چارەسەر بكرێت.

ئەگەر بەزووی حاڵەتی كێشەی مناڵەكەتان لە بینین و بیستن و قسەكردن بەدیكرد پێویستە چارەسەر بكرێت و ئەمانە هۆكارن بۆ سەركەوتنی مناڵەكەت.


نیشانەكانی كێشەی چاو و گوێ و زمان:
ئەگەر مناڵەكەت ئەم نیشانانەی هەبوو بە زووی سەردانی پزیشكێكی پسپۆڕ بكە:

1-  نەی توانی وەڵام بداتەوە بە خێرای بۆ دەنگێك كاتێك بانگی دەكەیت.
2-  زۆربەی كات داوا دەكای قسەكانی بۆ دووبارە بكەیتەوە یان وشەی ها بەكاردێنێت.
3- دەنگی تەلەفیزۆن بەرز دەكاتەوە یان ئامێرەكانی تر زیاد لەپێویست.
4- بە باشی قسە ناكات.
5- كاتێك قسە دەكات ووشەی بیر دەچێت یان پچڕ پچر قسە دەكات.
6-  بە كارهێنانی دەستەواژەی ڕابردوو و  ڕانەبردوو لەڕستەدا بە ناتەواوی.
7- كاتێك شت دەنووسێت یان دەخوێنێتەوە زۆر بە نزیكی دەفتەر و كتێب دەگرێت.
8- سەر ئێشەی هەیە بە بەردەوامی.


ئا/ د.دلێر رەئوف پزیشكی ڕاهێنراوی منداڵان
ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی

 





ئه‌م بابه‌ته 1598 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:39:02/10/2018