ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز


" تەندروستی"

ڕۆژی یەكی كانونی یەكەم بەڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدز دادەنرێت، لەم رۆژەدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر لەسەرتاسەی جیهان بەڕێوەدەچێت بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا لەمەترسیەكانی ئەم نەخۆشیە ترسناكە و هێنانەدی ئامانجەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ كۆتایی هێنان بەم نەخۆشیە تاوەكو ساڵی 2030 ، بەوپێیەی وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر تەندروستی گشتی دادەنرێت.

ئایدز بەهۆی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی دروست دەبێت و دەبێتە هۆی دابەزینی هێزی كۆئەندامی بەرگری لەش، بەهۆی تێكشكاندنی سیستمی بەرگریەوە كەسی تووشبوو توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس و بەكتریا و نەخۆشیەكانی نامێنێت.

دیاری كردنی یەكی كانونی یەكەم بە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز لەسەر بڕیاری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بوو بۆ دانانی رۆژێكی جیهانی بۆ هۆشیاری لەبارەی مەترسیەكانی ئەم نەخۆشیە و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لەڕێگاكانی گواستنەوەی لەڕێگەی بەكارهێنانی كەلوپەلی پیسبوو بەو ڤایرۆسە یاخود سێكسكردن لەگەڵ كەسی تووشبوو و بەكارهێنانی كەلوپەلی پزیشكی پیسبوو بە ڤایرۆسەكە.

هۆكارێكی دیكەی دیاری كردنی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز بۆ مامەڵەكردنی تەندروستە لەگەڵ ئەو كەسانەی تووشی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی بوون، چونكە ئەم نەخۆشیە بە مەترسیدار دادەنرێت و رێژەی تووشبوونی بەرزە بەتایبەت لەوڵاتانی تازە گەشەسەندوو.

ڕۆژی جیهانی ئایدز بۆ یەكەمجار لە ڕۆژی یەكی كانونی یەكەمی ساڵی 1988 دیاری كرا ، بەوتەی بەرپرسانی تەندروستی لە90%ی هەڵگرانی ڤایرۆسی ئایدز نازانن تووشبوون بەهۆی ئەنجام نەدانی پشكنینی پێویست و سەردان نەكردنی پزیشك بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكەیان.

بەپێی ئاماری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی تائێستا بەهۆی ئایدزەوە زیاتر لە 40 ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی تووشبووانی ئەو نەخۆشیە بە 39 ملیۆن كەس دەخەمڵێنرێت و زیاتر لە 25 ملیۆن كەس لەو تووشبووانە لەكیشوەری ئەفریقادان.

یەكەم ناوچە كە زۆرترین تووشبووی ئەم نەخۆشیەی تێدایە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ساڵی ڕابردو زیاتر لە یەك ملیۆن و 300 هەزار كەس لە جیهان تووشی ئایدز بوون و 630 هەزار كەسیش بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:55:30/11/2023