نیشانە و هۆكارەكانی تووشبوونی منداڵ بە سەرئێشە


" تەندروستی"

د.پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان و گەشەی منداڵ باس لەوەدەكات منداڵان هەروەك گەورەكان تووشی سەرئێشە دەبن، زۆربەی جۆرەكانی سەرئێشە كە لەگەورەكاندا هەیە لەمنداڵیشدا بوونیان هەیە.

هۆكارەكانی سەرئێشە یان زیادكردنی سەرئێشە:

- هەندێك جۆری دەرمان سەرئێشە دروست دەكەن.
- گۆڕانكاریی لە هۆڕمۆنی لەش و بۆنی قوڕس و گران.
- كێشەی بینینی هەبێت و برینی بچووك لەسەردا هەبێت.
- بۆ ماوەیەكی زۆر تەماشای تەلەفزیۆن و كۆمپیوتەر بكات.
- خواردنەوەی كافاینێكی زۆر و گوێگرتن لە مۆسیقای بەرز.
- خواردنی هەندێك جۆری خواردن وەك پەنیر، چوكلێت، پیتزا.
- مانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر لەناو ئۆتۆمبیل و لەكاتی گەشتی درێژ.
- ئەگەر ژەمێكی خواردنی نەخواردبێت و فشارێكی دەروونی زۆری هەبێت.
- كەم خەوی یان گۆڕینی شێوازی خەوتن و ووشكبونەوە لە كاتی نەخۆشی.
- هەوكردنی ڤایرۆسی و پەتا و هەوكردنی گوێچكە و تورەكەی هەوایی كەللەسەر.

نیشانە خراپەكانی سەرئێشە كە پێویستە بێ دواكەوتن منداڵەكەت نیشانی پزیشكی پسپۆڕی منداڵان بدەیت:

*  ئەگەرسەرئێشەكە گەشكەی لەگەڵ بێت. 
* بوونی ئازار لە مل یان ڕەقبوونی مل لەگەڵ بوونی تا.
* سەرئێشە دوای بەركەوتنی زەبر بەسەری یان لە هۆشچوون.
* توانای ڕۆیشتنە قوتابخانە  لەگەڵ چالاكی ڕۆژانەی نەمێنێت.
*  كەمبونەوەی هۆشی منداڵ و سەرئێشەكەی ڕشانەوەی لەگەڵدا بێت.
* بە گرانی هاتووچۆ و ڕۆیشتن بكات و توانی بە پێوە وەستانی نەمێنێت.
* تێكچوونی دۆخی منداڵ و هاوسەنگی لەشی تێك بچێت و بەملاولادا بكەوێت.
* پێستی پەڵەی تێدا دەربكەوێت و قسەكردنی بە گران بێت یان هەر نەتوانێت.
* هەڵسووكەوتی منداڵەكە بگۆڕێت و ئاوخواردنەوە و میز كردنی  زیادی كردبێت.
* ئەگەر سەرئێشەكە منداڵ خەبەربكاتەوە بەتایبەتی لەبەیانیان یان سەرئێشەكە دوای بەخەبەرهاتنەوەی لە خەو دەست پێبكات لە بەیانیان.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:22:22/10/2023