رێنماییەكانی خۆپاراستن لەپەتای سكچوون و ڕشانەوە


" تەندروستی"

د.پروشە شوان پزیشكی گشتی و پسپۆڕی خۆراك و كێش باس لەچەند ڕێنماییەكی گرنگ دەكات بۆ خۆپاراستنی هاوڵاتیان لە پەتای سكچوون و ڕشانەوە بەتایبەت كەلەم وەزرەدا پەتایەكی سكچوون و ڕشانەوە بڵاوبۆتەوە.

ئەو پزیشكە دەڵێت پەتای توندی سكچوون و ڕشانەوە بڕێكی زۆر شلەمەنی و كانزا لەجەستە دەكاتە دەرەوە و زۆر گرنگە قەرەبووی لەدەستدانی شلەمەنی و كانزاكان بكرێتەوە بۆ دووركەوتنەوە لەووشكبوونەوە، دەبێت هەموو شلەمەنیە سروشتیەكان و میوە و سەوزەكان لەخواردنەكان جێبكرێنەوە.

ڕێنمایی كاتی تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە:

- ئەو خواردنانەی لەكاتی توشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە بەكاردەهێنرێت دەبێت ئاسان بێت بۆ هەرسكردن و سووك بێت لەسەر گەدە لەگەڵ دووركەوتنەوە لەبەكارهێنانی ڕۆنی ناتەندروست و بەهاراتی تیژ و زیادە.
- پێویستە ژەمەكان لەشێوەی شۆربای مریشك بێ زیادكردنی زەیت یان شۆربای سەوزەواتی كوڵاو و نەعنا یان نیسك یان برنجی نەرمكراوی بێ ڕۆن بێت.
- ڕۆژانە نەخۆش پێویستی بەدوو لیتر یان زیاتر ئاو هەیە بەپەرداخ یان هەندێك حاڵەت قوم قوم بخورێتەوە، زۆر خواردنی شلەمەنی و ئاو زۆر بەسەریەكەوە و لەیەك كاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشەكە هەست بەدڵتێكهەڵاتن یان ڕشانەوە بكات.
- ئەوەی گرنگە لەكاتی سكچوون و ڕشانەوە ئەو خۆراكانەیە بەكاربهێنرێت كە بەپۆتاسیۆم دەوڵەمەندن گرنگترینیان: ئەڤۆگادۆ، شووتی، قەیسی، هەنار، پرتەقاڵ، مۆز، تەماتە، سپێناخ، خەیار، پەتاتە، چەوەندەر ، نیسك، ماسی.
- یەكێك لەو گیراوە گرنگانەی بۆ ئەم پەتایە دەتوانرێت لەسەرەتای نەخۆشیەكە سوودی لێببینرێت پەرداخێك ئاوی شلەتێنە لەگەڵ نیو لیمۆی  گوشراو و كەوچكێك هەنگوینی سروشتی، كەوچكێكی چا لەخوێ.
- ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە بەزووترین كات سەردانی نەخۆشخانە یان پزیشكەكەیان بكەن، چونكە نەخۆشانی شەكرە زیاتر و زووتر لە كەسانی تر ووشكدەبنەوە لەحاڵەتی سكچوون و ڕشانەوە.
- كاتێك سكچون و ڕشانەوە لەنەخۆشەكە زیاد دەكات و ئاوی لەش زۆر كەم دەبێتەوە و توشی ووشكبونەوە دەبێت، پێویستە سەردانی نەخۆشخانە و پزیشك بكات بۆ چارەسەری كتوپڕی قەرەبووكردنەوەی لەدەستدانی شلە و خوێ و كانزاكان.

د.پروشە شوان باس لەوەدەكات بەگشتی سكچوون و ڕشانەوە ئەگەری وشكبوونەوەی زۆرە لەزۆرینەی حاڵەتەكان، بەڵام هەندێك كەس وەك منداڵ و كەسانی بەتەمەن و تووشبووانی نەخۆشیە درێژخایەنەكان و بەكار‌هێنەرانی هەندێك دەرمان و ئەو كەسانەی كاری قورس و كار لەبەرخۆردا دەكەن دەبێت زیاتر ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن و بەزوترین كات سەردانی پزیشك بكەن لە كاتی زیادبوونی نیشانەكان.

ڕێوشوێنی خۆپارێزی لەكاتی بڵاوبونەوەی سكچوون و ڕشانەوە و كۆلێرا: 

* لەكاتی بوونی گومان لەیسبوونی ئاو ، دەبێت ئاو پێش بەكارهێنانی بكوڵێنرێت بۆ مەبەستی خواردنەوە و چێشت لێنان.
* پێویستە هەموو خۆراكەكان داپۆشراو بن و سەوزە و میوەكان پێش خواردنیان زۆر بەباشی بشۆرێتەوە و پاكبكرێتەوە بەدانانی بۆ ماوەیەك لەناو خوێ یان سركە یان گیراوەی تایبەت.
* دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو خۆراكەی بەكار دەهێنرێت لەسەرچاوەیەكی پاك و بەئاوی پاك بەرهەم هێنراوە.
* دووركەوتنەوە لەخواردنی ساردەمەنیەكان و ئەو شەربەتە دروستكراوانەی پاكوخاوێنی و ئاوی بەكارهاتوو و كەرەستەكانی جێی دڵنیایی نیە.
* دووركەوتنەوە لەهەموو سەوزە نەكوڵاوەكان یان مامەڵەكردن لەگەڵ خواردنە نەشۆردراوەكان.
*  دەستشووشتنی باش بەتایبەتی پێش نان خواردن و دوای بەكار‌هێنانی توالێت و خۆبەدوورگرتن لەهەموو بەركەوتنەكان لەگەڵ كەسانی نەخۆش.

راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:40:29/08/2023