تای خوێن بەربوون و نیشانەكانی و چۆنیەتی خۆپاراستن


" تەندروستی"

تای خوێن بەربوون (Hemorrhagic Fevers) نەخۆشیەكی ڤایرۆسیە و هۆكارەكەی كۆمەڵێك ڤایرۆسە، هەندێكیان نیشانەی سوكی هەیە و هەندێكی دیكەشیان هەڕەشە لەژیانی تووشبووان دەكات.
تای خوێن بەربوونی ڤایرۆسی هەڕەشە لەژیانی تووشبووان دەكات و دەناسرێتەوە بەوەی تا لێهاتن و خوێن بەربوون و ئازاری ناو سك و  ئازاری كتوپڕی ماسولكەكان و جومگەكانی لەگەڵدایە.
ئەم نەخۆشیە نیگەرانی دروستكردوە لەسەرتاسەری جیهان، لەدوو دەیەی رابردوودا چەندین بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە تۆماركراوە ، رێژەی گیان لەدەستدانی بەرزە.

نیشانەكانی تای خوێن بەربوون:

- تا لێهاتن و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.
- خوێن بەربوون و لەكاركەوتنی كۆئەندامی دەمار.
- تووشبوون بەشۆك و چونە ناو كۆما.
- لەدەستدانی هێز و توانا و وڕێنەكردن.
- ئازاری ماسولكەكان و گرژبوون و شەكەتی.
- گێژبوون و لەكاركەوتنی گورچیلە.

زۆرینەی جار نیشانەكانی كەسی تووشبوو لەحاڵەتە توندەكانی تای خوێن بەربوون بریتیە لەخوێن بەربوون لەژێر پێست یاخود كۆئەندامەكانی ناوەوەی لەش و خوێن هاتن لە دەم و لووت و چاو و گوێچكە.

هۆكارەكانی تووشبوون بە تای خوێن بەربوون:

* ئەو ڤایرۆسانەی هۆكاری تای خوێن بەربوونن لەزۆرێك لەئاژەڵەكان و مێرووەكان دەژین، هەربۆیە دەست لێدان و بەركەوتنی ئاژەڵ و مێرووی تووشبوو بەهۆكاری سەرەكی تووشبوون بەم نەخۆشیە دادەنرێت.
دەكرێت كەسێك تووشی تای خوێن بەربوون ببێت بەهۆی بەركەوتنی دەردراو و پاشەرۆی مێرووی تووشبوو یاخود گەستنی مێروو و مێشولە و گەنە، ئەو نەخۆشیە لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە.

خۆپارێزی لەتووشبوون بە تای خوێن بەربوون:

- دووركەوتنەوە لە دەست لێدان لەمەڕوماڵات و مێرووی تووشبوو.
- كۆنترۆڵكردنی مێرووەكان و رێگری لەوەی بێتە ناو ماڵ و شوێنی كاركردن.
- دانانی خۆراكی ئاژەڵی ماڵی لەشوێنێكی داپۆشراو بۆئەوەی مێروو پێی نەگات.
- فرێدانی زبڵ بە بەردەوامی و گرتنی دەرگا و پەنجەرەكان.
- بەكارهێنانی دەرمانی قڕكەر و دژەمێروو.

شێوازەكانی گواستنەوەی تای خوێن بەربوون:

- بەركەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵ و مێرووی تووشبوو.
- سەربڕینی ئاژەڵی تووشبوو و خواردنی گۆشتەكەی.
- گواستنەوەی نەخۆشیەكە لەكەسێكەوە بۆ یەكێكی دیكە لەرێگەی تێكەڵاوبوون.
- گەشتكردن بۆ ئەو ناوچانەی ئەم نەخۆشیەی تێدا بڵاوە.
- كاركردن لەگەڵ كەسانی تووشبوو و ئەو شوێنانەی مێروو و مشكی تێدایە.

چارەسەری تای خوێن بەربوون:

* هیچ چارەسەرێكی دیاری كراو نیە بۆ تای خوێن بەربوون، بەڵام ڤاكسین هەیە بۆ چەند جۆرێكی ئەم نەخۆشیە، خۆپارێزی بە باشترین رێگاچارە دادەنرێت.
بەشێوەیەكی گشتی چارەسەرێكی تایبەت بە تای خوێن بەربوون نیە ، تووشبووانی ئەم نەخۆشیە چارەسەری پاڵپشتی وەردەگرن لەوانە گیراوەكان و یارمەتیدان بۆ هەناسەدان و ئازارشكێن و دەرمانی دژە ڤایرۆسات بۆ چاكبوونەوە.

راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:16:07/06/2023